بەروار :2016/06/02 سەردان: 1779

مامۆستایان و خوێندکارانى کۆلێجى زمان مێزى تاقیکردنەوەى خوێندکار و هاوڕێ کۆچکردوەکەیان گوڵباران دەکەن


پاش نیوەڕۆى ڕۆژی چوارشەمە (١/٦/٢٠١٦)  مامۆستایان و خوێندکارانى کۆلێجى زمان لە مەراسیمێکى ماتەمینیدا مێزى تاقیکردنەوەى هاوڕێى کۆچکردوویان (شەماڵ بەکر عەلى) گوڵبارانکرد کە رۆژى هەینى (٢٧/٥/٢٠١٦)، لە کاتى هەوڵدان بۆ رزگارکردنى کەسێکى دیکە لە خنکان، گیانى سپارد. لە مەراسیمەکەدا، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر د. رەئوف کەریم (راگرى کۆلێجى زمان) پەیامى بەڕێزان پڕۆفیسۆر د. عەلى قەرەداغى (سەرۆکى ئەنجومەنى ئەمیندارێتى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى) گەیاندە خوێندکار و مامۆستا ماتەمگێڕەکان کە فەرمووبوی لەبەر ئەوەى کاک شەماڵ هەم بە کارەساتى خنکان و هەم لە کاتى هەوڵدانی بۆ رزگارکردنى مرۆڤێکى دیکەدا گیانیان سپاردوە، پشت بەخوا لاى خواى میهرەبان بە شەهید هەژمار دەکرێت. هەروەها بەڕێز راگرى کۆلێج هاوخەمى بەڕێز پڕۆفیسۆر د. مەریوان ئەحمەد رەشید (سەرۆکى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى) و راگرایەتى کۆلێج و سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانى گەیاندە ماتەمگێڕان و رایگەیاند کە کاک شەماڵ، تا لە ژیاندابوو، نموونەى مرۆڤى بەڕێز و بەئەمەک بوو و، هیواى خواست کۆچى دوواییشى ببێتە وانەیەکى گرنگ بۆ هەموو لایەک تا هاوشێوەى کاک شەماڵ سەربەرز و ئەمەکدار بن لە ژیاندا. لاى خۆشیەوە خوێندکارى هاوپۆلى کاک شەماڵ (بەڕێز عیماد غێدان) سوپاسى بنەماڵەى کاک شەماڵى گەیاندە زانکۆ و راگرایەتى و یەک بە یەکى مامۆستایان و خوێندکاران و جەختى لەسەر ئەو کاردانەوە و بەدەمەهاتنە گرنگەى زانکۆ و خوێندکارەکان کرد بۆ روداوەکە و ئاماژەى بە شانازى بێسنورى خۆى کرد کە وەک خوێندکارێک لە زانکۆى گەشەپێدانى مرۆییدا دەخوێنێت و هاوکات لوتکەى مرۆڤدۆستى بە چاوى خۆى دەبینێت. لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، مامۆستایان و خوێندکارانى کۆلێج چەپکەگوڵى رێز و وەفایان لەسەر ئەو مێزە دانا کە بڕیاربوو کاک شاماڵ هەمان کات یەکەم تاقیکردنەوەى کۆتایى ساڵى کۆتاقۆناغى خوێندنى خۆى لە بەشى ئینگلیزى ئێوارانى کۆلێجى زمانى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى ئەنجام بدات.