بەروار :2017/01/05 سەردان: 1858

زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی پڕ دەبێت لە خوێندكاری ئامادەیی


ئەمڕۆ پێنج شەممە (٥ی كانونی یەكەمی ٢٠١٧)، بە چاودێری بەڕێز سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی و بە سەرپەرشتی كۆلێجی زمان و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی راگەیاندنی زانكۆ و یەكەی كاروباری خوێندكاران، ئەمڕۆ پێشوازی كرا لە پۆلێك لە خوێندكارانی ئامادەیی كە بە مەبەستی ئاشنابوون بە كار و چالاكی و شێوازی خوێندن لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی سەردانی زانكۆیان كرد لە چوارچێوەی گەشتێكی پەیمانگای یاد.

لە میانەی سەردانەكەدا هەریەك لە بەڕێزان راگری كۆلێجی زمان و سەرۆكی بەشی زمانی ئینگلیزی و بەڕێوبەری كاروباری خوێندكارانی زانكۆ و پۆلێك لە خوێندكارانی خۆبەخشی پزیشكی ددانی گروپی (Blended Learning Center) و ژمارەیەك لە خوێندكارە سەركەوتووەكانی بەشی ئینگلیزی بابەت و وتەیان پێشكەشی خوێندكارە میوانەكان كرد و لە نزیكەوە ئاشنایان كردن بە سروشتی خوێندن لە زانكۆی پلە یەك لە سەر ئاستی زانكۆ تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان.

لای خۆیانەوە ژمارەیەك لە خوێندكارە بەشداربووەكان سوپاسی زانكۆیان كرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرم و رێكخراوەی لێیانكرا و سەرسامی خۆیان دەربڕی بە بەرزیی ئاستی خوێندن و خوێندكارانی زانكۆ و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی ئەگەر لە داهاتوودا هەلی خوێندنیان بۆ بڕەخسێت لە یەكێك لە بەشەكانی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی تاوەكو، شانبەشانی خەونەكانیان بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا، بە باشترین شێوە ئامادە بكرێن بۆ خزمەتكردن بە كۆمەڵگا.