خوێندکارانی کۆلێژی زمان هۆشیاریی ژینگەیی بەسەر گەشتیاراندا بڵاودەکەنەوە

2016/03/22



لەیەکەم رۆژی نەورۆزدا ژمارەیەک لەخوێندنکارانی کۆلێجی زمانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەپاڵپشتی سەرۆکی زانکۆ بەڕێز پرۆفیسۆر د. مەریوان احمد رشيد  چالاکییەکی ژینگەییان لە سەیرانگای قەرەداغ ئەنجامدا کە پێک هاتبوو لە دابەشکردنی رێنمایی بۆ گەشتیاران و شۆفێران هەروەها  دابەشکردنی کیسی تایبەت بە خۆڵ و خاشاك.

ئەمڕۆ 21ی ئاداری 2016 هاوکات لەگەڵ یەکەمین رۆژی ساڵی نوێی کوردی، کە بەشێکی زۆری خێزان و هاوڵاتیانی شارە جیاوازەکان رویانکردە سەیرانگاکانی کوردستان، خوێندکارانی کۆلێجی زمانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی هەستان بەئەنجامدانی چالاکییەکی ژینگەیی بۆ پاکراگرتنی سەیرانگاکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی.

لەو چالاکییەکدا سەرەتا بەڕێز قایمقامی قەزای قەرەداغ سەردانی خوێندکاران و مامۆستایانی بەشداربووی کردو سەرەرای دەستخۆشی کردن لێیان رایگەیاند کە ئەو چالاکییە کارێکی گرنگە و هیوای بەردەوامبونی ئەو جۆرە چالاکییانەی لەزانکۆی گەشەپێدان خواست.

لەچالاکییەی خوێندکارانی زانکۆی گەشەپێداندا، 1000 برۆشەر بەسەر خێزان و گەشتیاراندا بڵاوکرایەوە کە پێکهاتبوو لەرێنمایی بۆ گەشتیاران و شۆفێران لەکاتی سەیرانکردنی وەرزی بەهاردا. هەروەها لەبەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا نزیکەی 2500 کیسی تایبەت بە خۆڵ و خاشاك دابەشکرا بەسەر سەیرانکەرەکاندا تا دواتر پاشمەوەکانیانی تێبکەن و ژینگە پیس نەبێت.

جێی ئاماژەیە لەو چالاکییەدا 28 خوێندکار و 3 مامۆستا بەشدارییان کرد کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان ( مامۆستا چالاك غفور و مامۆستا ساهمة عبدالسلام و مامۆستا سامان محمد), لەدوای تەواوبوونی چالاکییەکەش، بەڕێز راگری کۆلێژی زمان د. رەئوف کەریم دەستخۆشی لەتەواوی خوێندکاران و مامۆستایانی بەشداربوو کردو رایگەیاند کە زانکۆ سەرەڕای ئەرکە ئەکادیمییەکەی، هاوکات پێویستە رۆڵی خۆشی ببینێت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی لەسەرجەم بوارەکاندا و ئەنجامدانی چالاکیی راستەوخۆ لەناو کۆمەڵگادا.